شەپۆلی خوێناوی سەرکوت؛ دەیان هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست دا

خۆڕاگری: دەیان هاووڵاتیی دیکەی کورد کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لە دەست داوە، تازە ناسنامەکانیان ئاشکرا بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٥ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ و ٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد کە لە نێوانیاندا منداڵ، ژن و گەنجان دەبینرێن، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت گیانیان لەدەست داوە و ئەم ڕووداوانە لە پارێزگای کرماشان و شارەکانی تاران، کەرەج و کیش تۆمار کراون.

توندوتیژییەکان لە پارێزگای کرماشان بەشێکی زۆری قوربانییەکانی لێکەوتووەتەوە و لە شاری کرماشان، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵان بە ناوی “نازەنین زەهرا ساڵحی” لە کاتێکدا لە پارکێکدا بووە، کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و  هەروەها مێردمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵانی دیکەش بە ناوی عیرفان عێزەتی و هاووڵاتییەک بە ناوی عەلی نووری هەر لەو شارەدا گیانیان لە دەست داوە.

لە دیمەنێکی دیکەی تراژیدیدا، تەییبە ڕەزایی لە گەڕەکی مامۆستایانی کرماشان و لەبەر چاوی منداڵەکەی، بە گولـلەی جەنگی پێکراوە و گیانی سپاردووە و هاوکات لە گەڕەکەکانی دیکەی کرماشان وەک مەسکەن و شەقامی تاقوەسان، هەر یەکە لە مەجید ڕەشیدی، ئەمیرحوسێن سەفەری گوڵدەستە  و فەرهاد چراغیزادە بوونە قوربانیی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران.

هەروەها لە شاری شاباد، پەرستار و وەرزشوانێکی گەنج بە ناوەکانی میلاد گەنج دۆست، لەگەڵ عەلی ئارمەند و موسلیم تووشکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە و لە شاری کەنگاوەریش، مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵان بە ناوی ئارین قاسمی بە هەمانشێوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی دیکەی ئێراندا بوونەتە قوربانیی ئەو شەپۆلە سەرکوتانەی ڕێژیم، لە شاری تاران، دیاکۆ قادرمەرزی، تەمەن ١٩ساڵانی خەڵکی دێولان، مەجید جەلیلیان، خەڵکی کرماشان، مەسعوود مورادی، خەڵکی دێلوڕان و محەممەدڕەزا عەوەزپوور تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی دەڕەشار، بە تەقەی هێزە چەکدارانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەست داوە.

لە شاری کەرەج و دەوروبەری، چەندین هاووڵاتیی دیکە کراونەتە ئامانج؛ لەوانە عەباس کەڵهوڕ و محەممەدڕەزا خانی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵکی هەرسین و هەروەها لە فەردیسی کەرەج، لوقمان عەلیزادە، خەڵکی تیکاب بە تەقەی چەکدارانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە و “پارسا”ـی کوڕیشی بریندار بووە و زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەرمی لوقمان عەلیزادە لە بەرانبەر بڕی ٤٠٠ ملیۆن تمەن ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە زێدەکەی خۆی بە خاک سپێردراوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە دوورگەی کیش لە باشووری ئێران، ئاریا مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە و هەروەها ئەم زنجیرە کوشتنە هاوکاتە لەگەڵ بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا، کە تێیدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بەکارهێنانی چەکی جەنگی و تەقەی ڕاستەوخۆ هەوڵی کپکردنەوەی دەنگی ناڕازییان دەدەن و بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانیان، بەتایبەت لەنێو منداڵان و ژناندا، نیگەرانیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*