ئاشکرابوونی ناسنامەی ٩هاووڵاتیی دیکەی کورد کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە

خۆڕاگری: لە درێژەی ئاشکرابوونی زانیارییەکان سەبارەت بە قوربانییانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، ناسنامەی نۆ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان ئاشکرا کرا، کە لە شارەکانی خۆیان، تاران و مەشهەد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٢ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵان بە ناوی “ئارمین دادفەر”، خەڵکی شارۆچکەی “بەدرە” سەر بە پارێزگای ئیلام، بووەتە قوربانیی توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری ئیلامدا، کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگی و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

هاوکات لە پارێزگای کرماشان و لە هەمان ڕۆژدا (١٨ی بەفرانبار)، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاباد بە ناوەکانی ئەمیرحوسێن نادری، جەواد نیازی و فەرشید شکەرسوخەن، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران گیانی لە دەست داوە و هەروەها لە شاری کرماشان، دوو لاوی دیکە بە ناوەکانی مەهنا دووکوشکانی تەمەن ١٨ساڵان و فەرزاد خێردار، ٣٧ ساڵان، لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست داوە.

ڕۆژێک دواتر و لە ١٩ی بەفرانباردا، هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو شارە بە ناوی محەممەد جەعفەری، لە چوارڕیانی گوڵستان کراوەتە ئامانج تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و گیانی لەدەست داوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی ئێران بوونەتە قوربانیی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران، تەرمی مەسعوود سادقی، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، دوای هەفتەیەک بێسەروشوێنبوون لە تاران دۆزراوەتەوە و  ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار لە تاران بە گولـلەی هێزە سەرکوتکەرەکان پێکراوە و گیانی لە دەست داوە.

جێی ئاماژەیە کە کرێکارێکی کورد بە ناوی حەسەنعەلی نەورۆزی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، کە بۆ کارکردن چووبووە شاری مەشهەد، لەو شارەدا کەوتووەتە بەر دەسڕێژی گولـلەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و گیانی لە دەست داوە و ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا پەرەیان سەند و هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان، بە شێوەیەکی فراوان چەکی کوشندە و تەقەی ڕاستەوخۆیان دژی خۆپیشاندەران بەکار هێناوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*