دەسبەسەر و بێسەروشوێنکردنی پێنج هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی ئارتین ڕۆستەمی، سدیق یووسف‌پوور، میلاد، پەیام و سینا میرزابەیگی، لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٢ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز و ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە شاری سەقز هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی “سدیق یووسف‌پوور” ئەندامی گرووپی شاخەوانیی “هەڵۆ”ـی سەقز و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای دەسبەسەرکردنی خۆی، ماڵەکەشیان بەتەواوی پشکنیوە و پێشتریش پێشینەی بەندکردنی سیاسیی هەبووە.

هاوکات ئارتین ڕۆستەمی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “هویە”ـی سەر بە شاری سنە، لە شاری تاران و لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە و نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێکەوتۆتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری ئیلام، دۆخی سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی میلاد میرزابەیگی، پەیام میرزابەیگی و سینا میرزابەیگی بە تەواوی ناڕوونە و ئەو سێ هاووڵاتییە دوو حەفتە لەمەوبەر بە شێوەیەکی دڕەندانە و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

شایانی باسە، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بێبەشکردنی دەستبەسەرکراوان لە مافی پەیوەندیگرتن و دیارنەبوونی شوێنی ڕاگرتنیان، لەو پێشێلکارییە یاساییانەن کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام حکوومەتی ئێرانی پێی تۆمەتبار دەکەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*