٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، هەشتایەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، وەبیرهێنەرەوەی هەڵوێست و ڕووداوێکی هۆشیارانە و مێژووییی نەتەوەی کوردە؛ هەڵوێست و ئیرادەیەک کە بە ڕێکەوت درووست نەبوو، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و هۆشیاریی نەتەوەیی و لەسەر ئەساسی قۆستنەوەی دەرفەتێکی مێژوویی بوو. کۆماری کوردستان ڕاگەیاندنی بوونی نەتەوەیەک بوو؛ نەتەوەیەک کە بڕیاری دا لە پێگەی “بابەتی سیاسەتی ئەوانی دیکە” بچێتە دەرەوە و ببێتە بابەتی سیاسەت و مێژووی خۆی.
لەو ساتە مێژوویییەدا، مەهاباد بوو بە قەڵای ئەندێشە و هزری نەتەوەیی؛ بوو بە ناوەندێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی خەباتی سیاسی و خۆئاگاییی نەتەوەیی و کردەی بەکۆمەڵ. کۆماری کوردستان تەنها پڕۆژەیەکی ئیداری و کورتخایەن نەبوو، بەڵکوو ئیرادەیەکی ماناداری بە پلانی نەتەوەسازی بوو بۆ شکاندنی پێکهاتەکانی چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد و دامەزراندنی نەزمێکی نوێ لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی و داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەیەک. بەرز و مەزنڕاگرتنی کەسایەتیی ئینسانی کورد، پەروەردە بە زمانی دایکی، ڕێکخستنی جەماوەری و بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک، پایە سەرەکییەکانی ئەم کۆمارەیان پێک هێنا.
پێشەوا قازی محەممەد لە لووتکەی ئەم دامەزراوە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەدا بوو؛ ڕێبەرێک کە سیاسەتی کرد بە پابەندبوونێکی مێژوویی بە نەتەوە. پێشەوا قازی محەممەد هێمای پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و خەبات بوو؛ ڕێبەرێک کە بە پشتبەستن بە ڕەواییی خەڵکی، سەربەخۆییی ئیرادە و وەفاداری بۆ ئامانجی ئازادی و سەربەستی، ڕێگای سەخت بەڵام شەرافەتمەندانەی مانەوەی نەتەوەکەی هەڵبژارد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانیش، وەک هێزێکی ڕێکخەر و پێشەنگ، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە دامەزراندن و پێشخستنی کۆماری کوردستاندا هەبوو. ئەم حیزبە توانیی خەباتی نەتەوەیی لە سیما و شێوازی کۆن و ناوڵامدەر و پرشوبڵاوی دەربهێنێت و وەک پرۆژەیەکی سیاسیی بەڕۆژ، یەکگرتوو و جەماوەری ڕێکی بخات. پەیوەندیی حیزب لەگەڵ کۆمەڵگە، سەندیکاکان و ڕێکخراوەکان، کۆماری کوردستانی کردە ئەزموونێکی زیندوو و ڕەگداکوتاو؛ ئەزموونێک کە دەریخست شۆڕش، بەبێ ڕێکخستن و هۆشیاری، بە ئەنجام ناگات کە گەشەکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و شوێندانەربوونی لەسەر کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان، دوای هەشتا ساڵ، سەلمێنەری ئەقڵییەت و تێفکرینی دروستی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستانە.
ئەمڕۆ لە دۆخێکدا کە فۆڕمی نوێی سەرکوت، نکۆڵیکردن و داگیرکاری لە کوردستان بەردەوامە و بینەری ڕاپەڕینی دووبارەی گەلانی ئێران، بەتایبەتی گەلی کوردین، هەوڵدانی شێلگیرانەمان بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان پێویستییەکی مێژوویییە. هەروەها ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک هێزێکی کۆمەڵایەتیی هۆشیار و ڕێکخەر لە کوردستاندا، درێژەی ئەو ڕێبازەیە کە لە کاتی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەستی پێ کرد؛ ڕێگایەک کە سیاسەت دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارچێوەی کۆمەڵگە و خەبات لە پاسیڤییەت ڕزگار دەکات.
لەم بۆنەیەدا، بە ڕێزگرتنێکی شۆڕشگێڕانە لە پێشەوا قازی محەممەد، ڕێبەرانی شەهیدی نەتەوەکەمان و تێکۆشەرانی کۆمار و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، ڕایدەگەیەنین کە ئەو کۆمارە ئێستاش شکستی نەهێناوە و وێڕای ئەوەی لە هزر و بوونماندا هەر ماوە، بووە بە ئەزموونێکی مێژوویی کە تا ئەمڕۆش لە فۆڕمە نوێیەکانی خەباتدا بەردەوامە.
ڕێبازی کۆماری کوردستان ڕێگای خەباتی ڕێکخراو و هۆشیاریی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ مافی چارەی خۆنووسینە؛ ڕێگایەک کە تا وەدیهاتنی ئازادی و دادپەروەری و سەروەریی سیاسیی کوردستان بەردەوام دەبێت.
- بەرز و مانایی بێت ئامانجەکانی کۆماری کوردستان
- سڵاو لە یاد و بیرەوەریی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان
- پیرۆز بێت یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی

Be the first to comment