کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێرانی پەسەند کرد

خۆڕاگری: کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنێکدا، بڕیارنامەی ساڵانەی تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی پەسەند کرد و لەم بڕیارنامەیەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە بەردەوامیی پێشێلکارییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەربڕیوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ی هەتاوی “۱٨ی دێسامبری ۲۰۲٥ی زایینی” لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک پڕۆسەی دەنگدانەکە بەڕێوە چوو، بڕیارنامەکە بە ٧٨ دەنگی ئەرێنی، ٢٧ دەنگی نەرێنی و ٦٤ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا و هەروەها ناوەڕۆکی بڕیارنامەکە تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵێک پرس، لەوانە بەرزبوونەوەی ئاستی لەسێدارەدانەکان، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، دۆخی ژنان و گوشاری بەردەوام بۆ سەر کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان ونیگەرانی لە شەپۆلی لەسێدارەدان و نەبوونی دادپەروەری بەشێکی سەرەکیی بڕیارنامەکە تەرخان کراوە بۆ پرسی لەسێدارەدانەکان.
کۆڕی گشتی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە هەڵکشانی بەرچاوی ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران دەربڕیوە، بەتایبەت ئەو سزایانەی کە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و دەستپێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە جێبەجێ دەکرێن و دەقی بڕیارنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی ئەو سزایانە لەسەر بنەمای “دانپێدانانی زۆرەملێ” دەرکراون و داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات جێبەجێکردنی سزای سێدارە هەڵپەسێرن. سەرکوتی سیستماتیکی کوردستان و کەمینەکان سەبارەت بە دۆخی کەمینەکان، بەیاننامەکە بە ڕوونی ئاماژەی بە هەڵاواردنی پێکهاتەیی و سەرکوتی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد کردووە.
بەپێی ئەو بەڵگانەی خراونەتە ڕوو، کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕەپانی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ بووە، کە خۆی لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دەرکردنی سزای قورس و سەپاندنی کەشی ئەمنییەتی بەسەر چالاکانی مەدەنی و سیاسیدا دەبینێتەوە. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە قوربانییانی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە کوردستانییەکان تۆمار کراون. مافی ژنان و یاسای حیجابی زۆرەملێ

بڕیارنامەکە سەرکۆنەی سەرکوتی ئامانجداری ژنان دەکات و یاساکانی پێوەندیدار بە حیجابی زۆرەملێ بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئازادییە بنەڕەتییەکان لە قەڵەم دەدات. کۆڕی گشتی هەروەها تیشکی خستووەتە سەر دیاردەکانی وەک ژنکوژی، قەتڵی نامووسی، هاوسەرگیریی منداڵان و توندوتیژیی خێزانی. لەم ڕووەوە، داوای پەسەندکردنی یاسای گشتی بۆ پاراستنی ژنان و هەڵوەشانەوەی تەواوی سیاسەتە داسەپاوەکانی حیجابی زۆرەملێ کراوە. سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکان؛ نیگەرانییەکی نوێ بۆ یەکەمین جار لە مێژووی بڕیارنامەکانی کۆڕی گشتیدا، بابەتی “سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکان” لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە خراوەتە بەرباس. وڵاتانی ئەندام نیگەرانیی خۆیان نیشان داوە سەبارەت بەو گوشار، هەڕەشە و ئازارانەی کە ڕێژیمی ئێران دەیکاتە سەر دژبەرانی سیاسی و چالاکان و بنەماڵەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە. لە کۆتاییدا، کۆڕی گشتی داوای لە دەسەڵاتدارانی تاران کردووە کە ئاستی هاوکارییەکانیان لەگەڵ میکانیزمە مافی مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز بکەنەوە، ڕێگە بە سەردانی ڕاپۆرتنێری تایبەت و لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بدەن و یاسا نێوخۆییەکانیان لەگەڵ بەڵێننامە و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بگونجێنن.