دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: شاهۆ هاشمپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،(خۆڕاگری) ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی(١٤ی دسامبری ٢٠٢٥ی زاینیی)، شاهۆ هاشمپوور، هاووڵاتی خەڵکی شنۆ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو هاووڵاتییە دوای بانگکرانی بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەریان کردوە کە تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانە خراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی ناڕوونە.