هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە سزای دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کرا

خۆڕاگری: عومەر شەریف‌حاجی، هاووڵاتیی خەڵکی مهاباد کە پێشتر سزای دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ شاری گورگان، گوازرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٦ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی) ژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، عومەر شەریف‌حاجی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مهاباد، کە هاوینی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە سزای ساڵێک بەندکردنی تەعزیری و دوورخستنەوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێنرا، لەگەڵ بنەماڵەکەی بەشێوەی زۆرەملێ بۆ شاری گورگان ناوەندیی پارێزگای گوڵستان گوازراونەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مهاباد گوازرایەوە و هەروەها لە هاوینی هەمانساڵدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، سزای ساڵێک بەندکردنی تەعزیری لەگەڵ دوورخستنەوەی دوو ساڵە بۆ گورگانی بەسەردا سەپێنرا.