سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵكی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کەیوان مامەگوڵی، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کەیوان مامەگوڵی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “گوێکتەپە”ـی سەربە شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی ٢٩ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەشێوەی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.