چالاکوانێکی خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: جەوهەر هەرکی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵكی شنۆ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٠مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، جەوهەر هەرکی، شاخەوان و چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی شاری شنۆ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٠مانگ بەندکردن کە پێشتر بەسەریدا سەپێندرابوو، دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شنۆ، بە سەرۆکایەتی قازی عەلی ئەنساری بەتۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ١٠مانگ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا و هەروەها پێشتریش چەندجارێک بەهۆی چالاکییە ژینگەیی و مەدەنییەکانییەوە لەلیەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ‌هەڕەشەی لێکراوە.