
خۆڕاگری: حەسەن شاداب، کاوە خاکینەهاد، جەماڵ حوسێننژاد، مەحموود قادری، مەنسوور فەڕاش و کەمیار (کەماڵ )عوقابی، شەش هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سەرجەم سزای ۱۲ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە شنۆ، سزای بەندکردنی بە سەر شەش هاووڵاتیی خەڵکی شنۆدا سەپاندووە و بەپێی سزاکان، حەسەن شاداب سزای ٣ ساڵ بەندکردن، کاوە خاکینەهاد سزای ٢٠ مانگ بەندکردن، جەماڵ حوسێننژاد سزای ٢٠ مانگ بەندکردن، کامیار عوقابی سزای ٢٠ مانگ بەندکرن و مەحموود قادری سزای ١٦ مانگ بەندکرن و هەروەها مەنسوور فەڕاش سزای ١٢ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو شەش هاووڵاتییە بەتۆمەگەلی وەکوو؛ هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، و پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت ئەو سزایانەیان بە سەردا سەپاوە کە سەرجەم دەکاتە ١٢ساڵ بەندکردن و هەروەها سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکانیان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردن و ڕۆژی ٢٦ی مانگی گەلاوێژ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرابوون.