
خۆڕاگری: ڕێپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی: ڕێژیمی ئێران بە ئازار و ئەشکەنجەدان، هەڕەشە بنەماڵەی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی دەرەوەت وڵات دەکات.
ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، مای ساتۆ، ڕێپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لەسەر پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتی: ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە ئازار و ئەشکەنجەی بنەماڵەی ئەو چالاکوانە سیاسیی و ڕۆژنامەنووسانە دەدات کە لە دەرەوەی ئێران دەژین و لەو ڕێگەیەوە هەڕەشەیان لێدەکات و ئەوەش پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە و دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو پێشێلکارییە بێدەنگ نەبن.
هەروەها لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسیارە لە گیانلەدەستانی گوماناوی لە گرتنگەکانی دەسبەسەرکردن و کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران و لەسەر پچڕانی بەردەوامی کارەبا و ئاو لە ئێراندا وتی: خەڵكی ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەکوو سیستان و بەلووچستان، بەهۆی وشکەساڵی و گواستنەوەی سەرچاوە و خراپ بەڕێوەبردن، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و کەمیی کارەباش کاریگەریی جیددی لەسەر پەروەردە و تەندروستی و کاری خەڵک کردووە.