دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەدنیما ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵكی سنە بەهۆی ئەوەیکە سەردانی سەرگۆڕی ژینا ئەمینی کرد، لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەدنیما ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە لەکاتی سەردانیکردنی بۆ گۆڕستانی “ئایچی”ـی سەقز و بەدیاریکروای بە مەبەستی سەردانی گۆڕی شەهید ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەردانکردنی ناوبراو بۆ سەر گۆڕی شەهید ژینا ئەمینی، هاوکات بووە لەگەڵ سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە، هەر لەبەردەرگای چوونە ژوورەوەی گۆڕستانی ئایچی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە ئەوەندەی لێدراوە کە بێهۆش بووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونی محەممەدنیما، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.