دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: زانا مەنسووری، هاووڵاتیی خەڵكی سنە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، زانا مەنسووری، هاووڵاتیی خەڵكی شاری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کاتژمێری یەک و نیوی بەرەبەیانی پێنجشەممە، بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر، بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەی بێئاکام ماوەتەوە.