ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی پیرانشا پاش نزیکەی مانگێک

خۆڕاگری: زوبەیر مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار پاش نزیکەی یەکمانگ دەسبەسەربوون ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، زوبەیر مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار، پاش ٢٨ڕۆژ دەسبەسەربوون، لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە بەبێ ئازادکردنی کاتیی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کراوە و ئەو ماوەیەی کە دەسبەسەربوو، لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنامەڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.

ناوبراو لەماوەی دەسبەسەربوونیدا ٢٨ڕۆژ بێسەروشوێن بووە و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکای دەسبەسەربوون، تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و دوای ئەو ماوەیە بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە کراوە.

 جێی ئاماژەیە کە زوبەیر مەحموودی، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەی و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.