
خۆڕاگری: مێهران دانشئاموزی، هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە لەلایەن چەکدارانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، مێهران دانشئامووزی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بەو بنەماڵەیە نەداوە.