سەپاندنی سزای بەندکردنی بەسەر چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی خەڵكی سنە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامییەوە سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، کامران ساختمانگەر، چالاکوانی کرێکاریی خەڵكی شاری سنە، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو پێشتر چەند تۆمەتێکی دیکەی بۆ هەڵواسرابوو لە دانیشتنەکانی دادگاکا لەهەموویان بێتاوان دەرچوون بەڵام تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیمیان بەسەردا سەپاندووە و بۆ ئەو تۆمەتەش دەبێ ٣مانگ لە بەندیخانەدا بێت و هەروەها پێشتر ماڵپەڕی “خۆڕاگری” لەسەر دەسبەسەرکردن، ئازادیی کاتیی و بانگکردنی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هەواڵی بڵاو کردۆتەوە.