باوک و کچێکی کوردی خەڵکی بجنورد لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: کەژاڵ ساڵحی، مێرمنداڵی تەمەن ١٤ساڵان و باوکی بەناوی “ئاراز ساڵحی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەاڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، له دوای دیکلەمەخوێندنەوەی کەژاڵ ساڵحی، قوتابیی تەمەن ۱۴ ساڵان و خەڵکی شاری “بجنۆرد”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی باکوور بە زمانی کوردی کورمانجی لە وەسفی کوردستان لە چەند ڕێورەسمی کولتووریدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و دوای ئەوەی نەیانتوانیوە کەژاڵ دەسبەسەر بکەن، ئاراز ساڵحی، باوکی کەژاڵیان دەسبەسەر کردووە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وێڕای دەسبەسەرکردنی ناوبراو بەتەواوی ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتییدا گرتووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر شوێنی ڕاگیران، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.