سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەی دادخوازەکانی سنە

خۆڕاگری: دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەی دادخوازەکانی شاری سنە بەناوەکانی ” عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی” هەر کام سزای شەش مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٤٠ زەربە قامچییان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی، دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەی دادخوازەکانی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ڕێژیم لە شاری بۆکان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی بە شەش مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ زەربە قامچی سزا دراون و ئەو سزایە بە شێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەنراوە.
عەبدلڕوحمان نەسری و ئارمان حەبیبی لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢، هاوکات لەگەڵ بەشێک لە بنەماڵەی دادخوازەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان لە کاتی گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی شاری سەقز و بۆکان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی شاری بۆکان گوازرانەوە.