تیرۆری زیندانییەکی سیاسی پێشوو لە لە شاری هەولێر

خۆڕاگری: “سیامەند شابۆیی” چالاکی سیاسی و زیندانی سیاسی پێشوو ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی پووشپەری ١٤٠٢ی هەتاوی لە نیزیک شارۆچکەی بەحرکە سەر بە شاری هەولێر تیرۆر کراو و تەرمی بێ گیانی لە یەکێک لە خانوە تەواو نەکراوەکانی نیزیک لە شاری هەولێر دوزراوەتەوە.

شەهید سیامەند شابۆیی بە هۆی چالاکی سیاسیی چەندین ساڵەی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوە چەندین ساڵ دەکەویتە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دواجار بە هۆی فشاری لایەنە ئەمنییەتییەکان ناچار دەبێت زێدۆ نیشتمانەکەی بەجێبهێڵێت ولە باشووری کوردستان نیشتەجێ بێت.زۆر جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە،کە بێگۆمان تیمە تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان لە شەهید کردنی ئەو چالاکە سیاسییە دا هەیە.

هەر بۆیە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێرای مەحکووم کردنی تیرۆری شەهید سیامەند شابۆیی داوا لە لایەنە پێوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئیجازە نەدات هەرێمی کوردستان ببێتە مەیدانی ڕەمبازێنی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە ئاسانی چالاکانی سیاسی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر بکرێن. بێگومان پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسی لە ئەستویی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمە کە چاوەڕوان دەکرێت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو ڕێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەو جورە جینایەتانە نەدرێت.

ئەوە لە حالێک دایە لە ماوەی حەوتوو رابردوو دا دووهەمین هەوڵی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییە کە بەداخەوە سێ کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی نیشتمان بە ناوەکانی”عادڵ موهاجیر،لوقمان ئاجی، سیامەند شابۆیی”گیانیان لە دەست داوە.