شەش هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: سالار شەمس‌بورهان، ئەیووب و ڕێبوار ڕەسووڵی، عەلی مەعرووفی، ئیدریس محەممەدنژاد و سەعدوون غەزاڵی، شەش هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، سالار شەمس‌بورهان، ئەیووب ڕەسووڵی، ڕێبوار ڕەسووڵی، عەلی مەعرووفی، ئیدریس محەممەدنژاد و سەعدوون غەزاڵی، شەش هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری مەهاباد پاش ماوەیەک دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کراون.

سەعدوون ‌غەزاڵی، کۆتاڕۆژەکانی مانگی جۆزەردان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ئەو پێنج هاووڵاتییەی دیکەش لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی گەلاوێژ لەلایەن چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و هەروەها هەواڵی دەسبەسەربوون و گوازستنەوەیان بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی خۆڕاگڕی بڵاو کراونەتەوە.