ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ورمێ پاش چوار ڕۆژ

خۆڕاگری: وەهاب عەلیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ، ماوەی چوار ڕۆژە لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۲ی پووشپەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: وەهاب هەلیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی “مەرگەوەڕ”ـی سەربه شاری ورمێ، ماوەی چوار ڕۆژە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە.
هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای تێپەڕوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.