
خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە بەناوی “ناسێح مستەفایی” لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ناسێح مستەفایی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفوونییەوە بانگ کراوەتە ئەو ناوەندە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو بەشێوەیەکی دڕەندانە بە مەبەستی پشکنین هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەشیان و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.