
خۆڕاگری: لە درێژەی مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگراندا سێ هاووڵاتیی خەڵكی سنە و کرماشان بەناوەکانی “کاوە مورادیان، ڕۆژگارمورادی و شەهاب دارابی دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، شەهاب دارابی، شۆفێری بارهەڵگر و چالاکوانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی خەڵكی کرماشان و کاوە مورادیان و ڕۆژگار مورادی، دوو شۆفێری بارهەڵگری خەڵكی شاری سنە، لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی دەربڕینی شۆفێرانی بارهەڵگر، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شۆفێری بارهەڵگرانی کوردستان و ئێران بە گشتی لە بەرنابەر گرانبوونی نرخی تایە، زۆربوونی تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانیان گرتووە و ئەو سێ هاووڵاتییە لە کرماشان و سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.