
خۆڕاگری: وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ۱۰ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ۲۹ی بانەمەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی، وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و برای سۆهراب خەدیریپوور، کە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کوژرا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ۱۰ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد کرا.
ناوبرا هاوکات لە ساڵڕۆژی کوژرانی براکەی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانە و هەروەها براکەی ڕۆژی ۲۹ی بانەمەڕی ۱٤۰۱ی هەتاوی لەلایەن چەکدارانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم کوژرا و تائێستاش تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.
جێی ئاماژەیە کە وەهاب خەدیریپوور، پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بەتۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبەکوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت سزای ۱۰ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.