سزای سێدارە بەندکراوێکی سیاسیی کورد هەڵوەشایەوە

خۆڕاگری: ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ کە پێشتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە ئەو سزایە هەڵوەشایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری ورمێ کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە سزاکەی هەڵوەشێندرایەوە و لە ئێستادا لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە و بەدوداچوون بۆ پەروەندەکەی دەکرێت.

ناوبراو مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن ل١ی ٣ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ورمێ بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و هاوکاریکردنی دەزگای زانیاریی موساد، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپیندرا و هەروەها ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە پاش نزیکەی یەک مانگ ڕاگیران بەشێوەی مەرجدار و بەڵێننامە ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرایەوە و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لە ژێر ئەشکەنجە، دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.