
خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەقز بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر خانەقای “ڕێبازی ئازادی” و شێخ زاهید شەهابییان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، شێخ زاهید شەهابی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز و شێخی خانەقای “ڕێبازی ئازادی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر خانەقاکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بە بەکارهێنانی کردوەی توندوتیژی و بێڕێزیکردن، دەسبەسەر کراوە.
شێخ زاهید شەهابی، برای شێخ ئازاد شەهابی کە ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە تێرۆر کرا و خانەقای ڕێبازی ئازادیی بەڕێوە دەبات و ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەروێش و مورد سەردانی ئەو خانەقایە دەکەن و هەروەها بەشێوەیەکی بەربڵاو بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورزیشدا کرد و شێخ زاهید لە نەرۆزدا وتاری تایبەتی نەتەوەیی خوێندەوە و ئەوەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی تووڕە کرد بۆیە بەو شێوەیە هەڵیانکوتایە سەر خانەقاکەی و دەسبەسەریان کرد.
شایانی باسە کە، پێشتریش ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران چەندینجار هەڕەشەیان لە شێخ زاهید و خانەقاکەی کردووە و سەرەڕای دەسبەسەرکردن و بێڕێزیکردن، چەکدارانی ئیتلاعات دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراودا گرتووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و دەروێشانی سەربە خانەقای ڕێبازی ئازادی داوایان لە خەڵکی کوردستان و ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ کردووە لە ئاست ئەو بێڕێزیکردن و پێشێلکارییەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێراندا بێدەند نەبن.