داواکاریی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە ڕەت کرایەوە

خۆڕاگری: حاتەم ئۆزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کورد داواکاریی دووبارە دادگاییکردنەوەی لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، پارێزەری حاتەم ئۆزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی باکووری کوردستان، ڕایگەیاند: پێشتر داوامان لە دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە جارێکی دیکە ناوبراو دادگایی بکرێتەوە بەڵام داواکارییەکە لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە ڕەت کرایەوە و سزای لەسێدارەدان بۆ پشتڕاست کراوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ناوچە سنووریەکانی چاڵدێران کەوتە بۆسەی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە و پاش بریندارکردنی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ یەکێک لە بنکەکانی سپای تێرۆریستی ڕێژیم و هەروەها پاش نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان،  لە ٢٨ی گەلاوێژی هەمانساڵ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ و ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش زیاتر لە ٢ساڵ دەسبەسەربوون، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری خۆی بەتۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.