لە دێولانیش ژنە چالاکوانێکی مەدەنی لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: سۆیلا مەتاعی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی دێولان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و هەروەها هاوکات لە سنەش دوو ژنە چالاکی دیکەش دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ۲۰ی ڕەشەمەی ۱٤۰۳ی هەتاوی، سۆیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی و بواری مافی ژنان و هاووڵاتیی خەڵكی شاری دێولان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبۆنەی بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، دەسبەسەر کراوە و هەروەها لە سنەش دوو ژنە چالاکوانی دیکە بە هەمانشێوە دەسبەسەر کراون کە پێشتر هەواڵەکەی لەلایەن خۆڕاگرییەوە بڵاو کراوەتەوە.

 ناوبراو لە ڕێوڕەسمی ٨ی مارس کە لە شاری سنە بەڕێوە چووبوو بەشداری کردبوو و هەرلەوێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها لە شۆڕشی ژیناشدا دوو جاری دیکە دەسبەسەر کراوە و سزای چەند ساڵ بەندکردنیشی بەسەردا سەپێندراوە کە ژووری هەواڵی خۆڕاگری هەواڵی لەسەر بڵاو کردووەتەوە.