چالاکوانێکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: محەممەد ڕەمەزانی، چالاکوانی ژینگەپارێزیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد پاش زیاتر لە مانگێک ڕاگیران بەشێوەی کاتیی ئازاد لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، محەممەد ڕەمەزانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری مەهاباد و شاخەوان و چالاکوانی ژینگەپارێز، پاش ٣٥ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کرد و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.