
خۆڕاگری: جەواد عەلیکوردی، پارێزەری کوردی خەڵکی مەشهەد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، جەواد عەلیکوردی، هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری مەشهەد و یەکێک لە پارێزەرانی دادگا، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.
ناوبراو پێشتریش لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، سزای ١٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم پێش هەڵکوتانە سەری ئاگاداری کردۆتەوە کە سەردانی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە بکات، بەڵام ناوبراوئەو داواکارییەی بە نایاسایی زانیوە و ئامادە نەبووە سەردانی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم بکات.