ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان پاش زیاتر لە ۲۰ڕۆژ

خۆڕاگری: شاهۆ سووری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان ماوەی زیاتر لە ۲۰ڕۆژە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ۱٤۰۳ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ماوە ۲٥ڕۆژە، شاهۆ سووری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوانیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە لە شاری سنە و تائێستاش چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ۱٤ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لەلایەن چەکدارە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کراوە و بۆ لێکۆڵینەوە گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە سنە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲٥ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرد، تۆمەتی واپاڵدروا و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.