
خۆڕاگری: نەریمان ڕەندانی، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز پاش زیاتر لە مانگێک ڕاگیران، بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، نەریمان ڕەندانی، چالاکوانی مەدەنیی و هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری سەقز، پاش ١مانگ و ٤ڕۆژ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٦٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کراوە.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕیانی کوردستان دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیمی ئێران لە سنە و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.