بەندکراوێکی سیاسیی خەڵكی ورمێ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد

خۆڕاگری: ئەنوەر چالشی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی ورمێ بەهۆیە نەخۆشی شێرپەنجەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنوەر چالشی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی ورمێ لە بەندیخانە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بوو و لەو دواییانەدا هەر بەهۆی نەخۆشییەکەییەوە ئازاد کرا و لەژێر چاوەدێری پزیشکیدابوو، لە کۆتاییدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە و تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم دژی ئەو بڕیارە بوو کە بیبەنە نەخۆشخانە بە ناچاری بێ مەرەخەسی دەرمانی، بە پێبەندی ئەلیکترۆنیکی و کەلەپچە ڕەوانەی نەخۆشخانەیان کرد و بەو دۆخەوە چارەسەری وەردەگرت.

 شایانی باسە کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی خۆیدا لەلایەن چەکدارانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و ناوبراو لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاویدا، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژەبری ڕێژیم، سزای ٧ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.