
خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی ٩٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.
شایانی باسە کە جیا لەو کەسانەی دەسبەسەر کراون زیاتر لە ٨٠ کەس لە چالاکان ژینگەیی وکرێکاری و چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان و ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت ولێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.هەر لەو پێوەندییەدا ٥٨ کەس لە شاری پیرانشار بە تۆمەتی بەشداری کردنیان بە جلوبەرگی خاکی و جامانە لە ڕێوڕەسمێکی ژن گواستنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و پەروەندەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە.
هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی دا، ٩ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ١٢ ساڵ و٤مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٢٤٠ ساعت بێگاری مەحکووم کراون.
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.ئەوە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕژدە لەسەر ئێعدامی هاووڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.هەر لەو پێوەندییە دا دوو بەندکراوی سیاسی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسی ئێعدام کردنیان لەسەرە.



