خۆڕاگری: ئەرسەلان یوسفی، هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٥ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەرسەلان یوسفی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “سڵامەت”ـی سەربە شاری بۆکان، کە پێشتر سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆکان.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە بۆکان بە سەرۆکایەتی قازی “کشوەری” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، بێڕێزیکردن بە خامنەیی و پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و لە داداگای پێداچوونەوەشدا پشتڕاست کرایەوە.
جێی ئاماژەیە کە ناوبراو، ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان بانگ کراوە وهەرلەوێ پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.