دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: میحراب عەبدوڵڵازادە، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە ورمێ، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی هەینی، ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: میحراب عەبدوڵڵازادە، لاوی تەمەن ٢٦ساڵانی خەڵكی شاری ورمێ و یەکێک لە دسبەسەرکراوانی شۆڕشی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی “نەجەفزادە” بەتۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە ناوبراو.

دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتی ئەوەی خستۆتە پاڵ ناوبراو کە گوایە یەکێک لە جاشەکانی سەربە ڕێژیمی کوشتووە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بۆیە بە تۆمەتی بەغی سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە و ئەو سزایە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەفەرمی پێی ڕاگەیاندراوە.

جێی ئاماژەیە کە میحران عەبدوڵڵازادە، پاییزی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەردەوامیی شۆڕشی ژیندا لە ورمێ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفێندرا بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لەو شارە و پاش چەند مانگ لێکۆلینەوە و لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە.