هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سەقز بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: فەرشاد شوکرڵڵا، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز پاش زیاتر لە ٢مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، فەرشاد شوکرڵڵا، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری سەقز، پاش زیاتر لە ٢مانگ دەسبەسەرکردن لەلایەن ڕێژیمەوە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و ماوەیەک بێسەروشوێن بوو و دواتر ب لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە و پاشان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.