خۆڕاگری: ئەژدەر پیری، نووسەر و توێژەری خەڵکی ورمێ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ساری کەرەج دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەژدەر پیری، توێژەر و سەرنووسەری گۆڤاری نێودەوڵەتی توێژینەوەی مانگانەی گەلان و هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەشاری کەرەج، دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری کەرەج هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردووە و ماڵەکەشیان بەتەواوی پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسیەکانیشیدا گرتووە و هەروەها ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا یەکجار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و ماوەی دەسبەسەربوونەکەشی بۆ ٢٠ڕۆژ درێژ کراوەتەوە.