مامۆستایەکی زمانی کوردی بۆ جێبەجێکردنی سزای بەدنکردن دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: ئازاد عەباسی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی دێولان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ساڵ بەندکردن، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئازاد عەباسی چالاکوانی مەدەنی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی “نۆژین” و خەڵکی شاری دێولان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ساڵ بەندکردن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری قوروە و هەروەها لەکاتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە و سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆمای ئیسلامییەوە لە دێولان، بەتۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای ١ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی بێڕێزی بە خامنەیی، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان دەبێ سزای ٢ساڵ بەندکردن جێبەجێ بکات.

جێی ئاماژەیە کە، مامۆستا ئازاد عەباسی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندینجار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و کۆتاجار ڕۆژی ٢٧ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا دەسبەسەر کرابوو.