خۆڕاگری: سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و خەڵکی بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی سێشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی شەهید محەممەد حەسەنزادە کە ماوەیەک لەمەوبەر دەسبەسەر کرابوو و پێشتریش چەند جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی کۆمای ئیسلامی لە بۆکان بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەگەڵ باوکی “ئەحمەد حەسەنزادە” هاوکات لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شەهید محەممەد حەسەنزادە لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرابوون و سۆڵماز ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، پاش ٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە ژووری تاکەکەسی و ١٤ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.