دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بڵواناوا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی شارۆچکەی بڵواناوا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “پێدرام محەممەدی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، پێدرام محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی  “بڵواناوا”ـی سەربە شاری دێولان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار کە ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە درێژەی گوشارەکانیان بۆ سەر ئەو شارۆچکەیە زیاتر لە ٢٠کەسیان دەسبەسەر و بریندار کردووە.

ناوبراو پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوادچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بە بنەماڵەکەی نەداوە.

شایانی باسە کە، ژووری هەواڵی “خۆڕاگری” لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکراوانی شارۆچکەی بڵواناوا هەواڵ و ڕاپۆرتی تایبەت بە دەسبەسەرکراوان و ئاشکرابوونی ناوی دەسبەسەرکراون بڵاو کردۆتەوە.