ناسنامەی ١٠ شەهیدی دیکەی کورد لە ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ ئاشکرا کرا

خۆڕاگری: لە درێژەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە قوربانیانی تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی ڕابردوودا، ناسنامەی ١٠ شەهیدی دیکەی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٧ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: غوڵامحوسێن ئەحەدی، مامۆستای خانەنشینی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە مەیدانی مەرکەزیی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم شەهید کرا و هاوکات مستەفا لوتفی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەندین گولـلەی جەنگی گیانی سپارد.

سەید ئەمیر ڕۆستەمیان، هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی قەسرشیرین، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە فەردیسی کەرەج بە فیشەکی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کرا و هەروەها دانیاڵ مورادیزادە لاوی تەمەن ٢٩ساڵانی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە گەڕەکی نارمەکی تاران بە بەرکەوتنی ٣ گولـلەی جەنگی شەهید کرا.

هەر لەهەمان ڕۆژدا محەممەد سەیدی لاوی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی گوندی کڵاوماڵی سەرپێڵی زەهاو، لە کەرەج بەهۆی پێکرانی “قوڕگی” بە گوللـەی جەنگی چەکدارانی خامنەیی شەهید کرا و عەلی مەنووچێهرئابادی لاوی تەمەن ٢٢ساڵانی خەڵکی پارێزگای کرماشان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە گۆڕەپانی سێهەمی تارانپارس لە تاران شەهید کرا.

ئەنیس گریوانی، کچێکی لاوی خەڵکی ئەسفەرایین لە پارێزگای خۆراسان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لەو شارە کراوەتە ئامانجی گولـلەی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەوهۆیەوە گولـلە بەر ملی کەوتووە وگیانی لە دەست داوە و هاوکات ئەحمەد نیازی پاڵەوانی لەشجوانی و خەڵکی قووچان، لە مەشهەد بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بە پشتی سەر و قاچی شەهید کرا.

ئەیوب شاکر هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “سوورخ”ـی سەربە بۆجنوورد، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کرو و هەروەها محەممەدڕەزا مەنسووری هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری ڕەشت، کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بریندار ببوو، ڕۆژی ١٣ی ڕێبەندان دوای ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە شەهید بوو.

ئەو ئامارانەی کە ماڵپەڕی خۆڕاگری بەدوادچوونی بۆ کردووە، نیشان دەدەن کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە مەبەستی کوشتنی ئەنقەست، شوێنە هەستیارەکانی جەستەی خۆپیشاندەرانیان وەک (سەر، قوڕگ و مل) کردووەتە ئامانج و زۆربەی ئەو قوربانییانە تەمەنیان لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٧ ساڵدایە، کە نیشانەی سەرکوتکردنی توندی نەوەی نوێی کوردستانە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*