دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: محەممەدڕەزا قەیتەرانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی،  محەممەدڕەزا قەیتەرانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری مەهاباد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ملیارد تمەن  و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

ناوبراو ١٥مانگی گەلاوێژ ئازاد کراوە بەڵام ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕۆژی شەممە، ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، مۆبایلەکەیان پێداوەتەوە، هەروەها بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ و دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، محەممەدڕەزا قەیتەرانی، لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تۆمەتی ئەوەیان داوەتەپاڵ کە هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.