دادئەستێنی ڕێژیم لە پیرانشار لەمەڕ کۆتاییهاتنی ماوەی دوورخستنەوەی بەندکراوێکی سیاسیی دژایەتی کرد

خۆڕاگری: محەممەد حوسێنی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری نەغەدە، سەرەڕای کۆتاییهاتنی ماوەی دوورخرانەوەکەی، بەهۆی دژایەتیکردنی دادئەستێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار دوور خراوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەوەیکە ٥مانگ لە کۆتاییهاتنی ماوەی دوورخرانەوەی سەید محەممەد حوسێنی، بەندکراوی سیاسیی کورد تێدەپەڕێ، بەهۆی دژایەتیکردنی دادئەستێنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار، ئێستاش دوور خراوەتەوە بۆ شاری “هەریس”ـی سەربە پارێزگای ئازەربایجان.

دادئەستێنی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار ڕایگەیاندووە کە نابێ هیچ بڕیارێک سزای ئەو بەندکراوە سیاسییە کەم بکاتەوە و هەروەها ڕۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ناوبراو لە بەندیخانەی شاری نەغەدەوە بۆ شاری هەریس لە پارێزگای ئازەربایجان دوور خرایەوە.

جێی ئاماژەیە کە، بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد بەتۆمەتی “محاربە”، سزای دوورخستنەوە بۆ ماوەی ٨ساڵی بەسەردا سەپێندرا.