بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کرا

خۆڕاگری: شەهرام کازمیان، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ دوای تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بە مەرج ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، شەهرام کازمیان، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ، پاش تێپەڕاندنی ماوەی ٥ساڵ سزاکەی کە بەسەریدا سەپێندرابوو بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا و لە ماوەی دەسبەسەربوون و بەندکردنیدا بەردەوام لەژێر گوشاری بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بوو.

ناوبراو ڕێکەوتی ٦ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، دوای لێدان و ئەشکەنجەکردنی لەلایەن پاسەوانانی بەندیخانەوە، بە فەرمانی سەرۆکی بەندیخانەکە گوازرایەوە بۆ ناوەندی پزیشکی دەروونیی ڕازیی ورمێ و جارێکی دیکە دواتر گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە و بەهۆی گوشاری سەختی دەروونی و جەستەیی لەماوەی بەندکرنیدا، دەرمانی دەمار و ئازارشکێنی دەخوارد و بەهۆی دەستپێرانەگەیشتنی بەو دەرمانانە بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانەکە، ناوبراو هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

شەهرام کازمیان، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرا و دوای ٢٦ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی و دادگاییکردنی، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ و هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەممەی هەمانساڵ،   لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی “عەلی شێخلوو” بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.