پیاوێکی بەتەمەنی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی بە تەمەنی خەڵکی بۆکان بەناوی “ئیسماعیل پوورعەبدوڵڵا” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیسماعیل پوورعەبدوڵڵا، هاووڵاتیی بەساڵاچووی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی کە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بنەماڵەی ناوبراو دوابەدوای دەسبەسەرکردنی بەردەوام لە هەوڵ و بەدواداچووندا بوون بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.