هاووڵاتییەکی بەندکراوی خەڵکی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: تۆفیق عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد دوای تێپەڕاندنی نزیکەی ٨ ساڵ بەندکردن، بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شاری مەهاباد بە تێپەڕاندنی زیاتر لە نیوەی ماوەی سزای ١٥ ساڵ بەندکردنەکەی، بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا و لەحاڵێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیم لە بەندیخانەی ورمێ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندینجار داواکاری گواستنەوەی ناوبراویان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ڕەت کردبۆوە.

شایانی باسە کە، ناوبراو مانگی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ٤ مانگ ڕاگیران لە بەندی تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی “چابۆک” بەتۆمەتی کردەوەی دژبە ئاسایشی گشتی لەڕێگەی ئەندامبوون لە گرووپە ئیسلامییەکان، سزای ١٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.