پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێنکاری کورد

بەڕێزان لە یەکێتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، خوێنکارانی بەهەڵوێستی کورد بە بۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد گەرمترین پیرۆزبایتان پێشکێش دەکەین.

دەور و کاریگەری بزاڤی  خوێندکاری و خەباتی بەردەوامی خوێندکارانی کورد لە قوناغە جیاوازەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلی کوردستان، لە لاپەڕەکانی مێژووی کورد، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت دیار و بەرچاوە.

خوێندکارانی دەروەستی کورد لە زۆربەی بەستێنەکانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان هەم لە سەنگەری زانکۆ هەم لە مەیدانی خەباتی بە کردەوە دا پێشەنگایەتی ئەو خەباتەیان کردوە.شەهید”سمایل شەریفزادە” یەکێک لەو خوێندکارە دەروەست و بەلیمەتانە بوو کە لە قۆناغێکی دژوار و هەستیار دا لەگەڵ کۆمەڵیک لە خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا سەرکردایەتی جوڵانەوەیەکی چەکداریان کرد و گۆمی مەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند.هەرچەند لەو شۆڕشە کورت ماوە دا زۆربەی ئەو خەباتکارانە شەهید بوون، بەڵام لاپەڕەیەکی زێرینیان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلی کوردستان دا تۆمار کرد،کە لە بیر و زەینی هەموو تاکێکی کورد بە زیندوویی دەمێنیتەوە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید”سمایل شەریفزادە” بە بۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد پیرۆزبایی لە هەموو خوێندکارانی دەروەست و بە هەڵوێستی کورد دەکەین و هیوای بەردەوامیتان لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو دابین کردنی مافە نەتەوەیەکانی گەلەکەماندا بە ئاوات دەخوازین.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

          ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی