هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەمیر ڕەحمانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ پاش زیاتر لە ٢٠ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەمیر ڕەحمانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، کە ماوەی زیاتر لە ٢٠ڕۆژ دەبێ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا، لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی لە یەکێک لە گرتنگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ، گوازرایەوە بۆ بە بەندیخانەی ناوەندی شاری شنۆ.

جێی ئاماژەیە کە ئەمیر ڕەحمانی، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژیی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاند و دواتر دەسبەسەریان کرد و لەگەڵ خۆیان ڕفاندیان و هەروەها تاکوو ئێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەر و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لە بەردەستدا نییە.