کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ورمێ بەناوی “شاهین وەساف” لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی،  ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: شاهین وەساف، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری ورمێ، پاش تێپەڕبوونی یەکساڵ بەندکردن، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو. شاهین وەساف، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرا و پاشان گوازرایەوە بۆ ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە و لەوێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

جێی ئاماژەیە کە شاهین وەساف، ماوەی چەند مانگێک لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە و تاوانبار کراوە کە سیخوری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل کردووە و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.